الخميس، 18 أغسطس، 2011

چالاكوانێکی کوردی سوریا: ئیراده‌ و خواستی خه‌ڵكی‌ سوریا بۆ ئازادی‌، هۆکاری به‌رده‌وامبونی‌ شۆڕشی ئه‌و وڵاته‌یه‌

) سبه‌ی( : هێژا محه‌مه‌د

ماوه‌ی‌ زیاتر له‌چوار مانگه‌ خۆپیشاندانه‌كانی سوریا به‌رده‌وامه‌و به‌هۆی كوشتنی‌ هاوڵاتیانی‌ سڤیل له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه‌، نیگه‌رانی نێوده‌وڵه‌تیی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌ و داوای‌ راگرتنی‌ ئه‌و كوشتاره‌ ده‌كه‌ن، چالاكوانێكی‌ سیاسی‌ سوریاش پێیوایه،‌ ئه‌سه‌د له‌چاندنی‌ رق‌و توڕه‌ له‌نێوان پێكهاته‌كانی‌ سوریادا سه‌ركه‌وتو نه‌بوه‌.

ماجد یوسف داوى، چالاكوانی‌ مه‌ده‌نی‌ و سیاسی‌ سوریا به‌ (سبه‌ی‌) راگه‌یاند: ده‌یان ساڵ وڵاتی‌ سوریا له‌ ژێر ده‌ستی‌ رژێمی‌ به‌عسی‌ دیكتاتۆریدا‌ ده‌ژی‌، ئه‌و رژێمه‌ی‌ به‌ شێوازی‌ جۆراوجور خه‌ڵكی‌ له‌و وڵاته‌ سه‌ركوتكر

دوه‌، له‌پێش هه‌موشیانه‌وه‌ داگیركردنی‌ ئازادی له‌خه‌ڵك‌و زه‌وتكردنی‌ مافه‌كانیان‌و له‌گۆڕنانی‌ یاسا‌و گرتنی‌ سیاسیه‌كان‌و چالاكوانانی‌ مه‌ده‌نی‌‌و ده‌ستێوه‌ردانی‌ ژیانیان، له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی‌ شێوازی‌ توندوتیژی‌ له‌ دژیان، هه‌مو ئه‌مانه‌ بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك ئیتر نه‌یتوانی‌ به‌رده‌وام بێت له‌م ژیانه‌ سه‌خته‌، به‌ تایبه‌تی‌ له‌ ناو چینی‌ گه‌نجاندا.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو: شۆڕش‌ له‌ وڵاتی تونس و میسر هۆکارێکی تری کاریگه‌ر بو بۆ سه‌رهه‌ڵدانی‌ شۆڕش له‌سوریا، ئێستاش ئیراده‌ی‌ خه‌ڵك و عه‌شقی‌ ئه‌وان بۆ ئازادی‌، بوه‌ته‌ هۆی‌ به‌رده‌وامبونی‌ ئه‌م شۆڕ‌شه‌.

ده‌رباره‌ی‌ پیلانه‌كانی‌ رژێمی‌ سوریا بۆ دروستكردنی‌ گرفت‌و كۆتایهێنان به‌خۆپیشاندانه‌كان، داود، وتی‌: رژێمی‌ سوریا پێشتر زۆر هه‌وڵی چاندنی‌ تۆوی‌ رق و كینه‌‌و لێكترازاندنی‌ پێكهاته‌كانی‌ كۆمه‌ڵی دا، هه‌روه‌ها له‌ ناو تائیفه‌‌ ئاینییه‌کانیشدا،‌ بۆ تێكدانی‌ ژینگه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵام گه‌لی‌ سوریا روبه‌ڕوی‌ ئه‌م پلانه‌ بوه‌‌و پارێزگاری‌ كرد له‌ئاشتیبونی‌ شۆڕشه‌که‌یان‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ کوژاروه‌کان گه‌یشته‌ زیاتر له‌ (2000) شه‌هید و چوار هه‌زار (4000) بێ سه‌روشوێن و هه‌زاران بریندارن.

سه‌باره‌ت به‌كوردانی‌ رۆژهه‌ڵات‌و بزوتنه‌وه‌ سیاسیه‌كه‌یان ماجد یوسف وتی‌: بزوتنه‌وه‌ی‌ سیاسی‌ كوردی‌ كه‌ خۆی‌ له‌ پارته‌ سیاسیه‌كاندا ده‌بێنێته‌وه‌، سه‌ره‌تا به‌ شێوه‌یه‌كی‌ زۆر ئاگادار دابه‌زیه‌ شه‌قامه‌كان‌و دانوستانی‌ له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنه‌ عه‌ره‌بییه‌كان كرد، ئه‌مه‌شی‌ له‌به‌ر هزری‌ هه‌ندێك كه‌سایه‌تی‌ شۆڤینی عه‌ره‌بییه‌كان كه‌ خۆی‌ له‌ ناو ئۆپۆزسیوندا ده‌نوێنێت، كه‌ داننانێت به‌مافی‌ كورددا، به‌ڵام ئێمه‌ به‌شداری‌ پارته‌ سیاسیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناراسته‌وخۆ له‌ خۆپیشاندانه‌كان له‌رێگای‌ ئه‌ندامه‌كانی خۆیان ناشارینه‌وه‌‌و له‌م دواییه‌شدا باشتر به‌شداریانكرد، پاش ئه‌وه‌ی‌ بێ ئومێد بون له‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ كورد له‌ سوریا.

باسی له‌وه‌شكرد، خراپی ره‌وشی سوریا له‌گه‌ڵ بێده‌نگی‌ لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی و عه‌ره‌بی‌، ئه‌مه‌ش دیاری‌ ده‌كات كه‌شۆڕش به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت تا ماوه‌یه‌كی‌ دور‌و درێژ، ره‌خنه‌شی له‌ بێده‌نگی ئه‌و لایه‌نانه‌ گرت و ئه‌وه‌شی وت: ده‌بێت فشار له‌سه‌ر رژێمه‌که‌ی ئه‌سه‌د دروست بکه‌ن و ئه‌م جینۆساید و كۆمه‌ڵكوژییه‌ی‌ رژێمی‌ سوریا بگه‌یه‌ننه‌ دادگای‌ جیهانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق